مامۆستای سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-06-03:29:00 - کۆدی بابەت: 4209
مامۆستای سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

مەرجەکانی مامۆستای سەرکەوتوو

توانستی زانستی

لە کارە سەرەکیەکانی مامۆستا پێدانی زانیاری و شارەزاییەکانە بۆ قوتابیانی تا بتوانن کۆنترۆڵی بابەتەکانیان بکەن، بۆیە پێویستە لەسەر مامۆستا شارەزاییەکی تەواوی هەبێت سەبارەت بەو بابەتانەی دەیڵێتەوە، چونکە ئەگەر مامۆستا زانیاری سەبارەت بە زانستەکەی خۆی نەبێت بێگومان ناتوانێت زانیاری بە قوتابیەکانی ببەخشێت، هەر ئەمەش وای کردووە بیرۆکەی پسپۆڕی سەرهەڵبدات بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت پسپۆڕی خۆی دەستنیشان بکات و بە وردی زانیاری دەربارەی پسپۆڕیەکەی کۆبکاتەوە، بەڵام ئەم پسپۆڕیەش ئەوە ناگەیەنێت کەوا مامۆستا لە دەرەوەی پسپۆڕیەکی هیچی تر نەزانێت.

توانای پەروەردەیی

هەرچەندە شارەزایی دەربارەی بابەتی زانستی زۆر گرنگە بەڵام ئەمە تەنها فاکتەر نییە بۆ ئەوەی مامۆستایەکی سەرکەوتوو ە و بەبەرهەم دروستبێت، چونکە قوتابی ئامێرێک نییە زانیاریەکان وەربگرێت و لە مێشکی خۆی کۆی بکاتەوە، بەڵکو بونەوەرێکە بیردەکاتەوە و چەندین هەڵچوون و سۆزی جیاوازی هەیە، وە لە کاتژمێرێکدا بە چەندین حاڵەتی دەروونیدا تێپەڕدەبێت، بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا بە زیرەکی مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە هەڵچوونانەی قوتابی بکات وە شێوازی پەروەردەیی لەگەڵیاندا بەکاربێنێت.

توانای پەیوەندیکردن

لەگەڵ ئاشنا بوون و شارەزایی مامۆستا بە هەموو لایەنەکانی پسپۆڕیەکەی و زانینی شێوازی سەرکەوتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابی، پێویستە مامۆستا شارەزاییەکی پێویستی هەبێت دەربارەی شێواز و کەناڵەکانی پەیوەندی، چونکە لە ڕێگەی ئەم کەناڵانە دەتوانێت زانیاریەکانی خۆی بۆ قوتابیانی بگوازێتەوە.
بۆیە پێویستە لەسەر مامۆستا زمانێکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بۆ پێدانی زانیاریەکان وە ڕەچاوی ئاستە جیاوازیەکانی قوتابیان بکات وە دەبێت لەڕووی جوڵە و دەنگ و ڕونکردنەوەکانی زاراوەکان زۆر بەتوانابێت. زۆر گرنگە مامۆستا دڵنیابێت لەوەی هەموو قوتابیان لە واتای ئەو زاراوانە دەگەن کە مامۆستا بەکاری دێنێت بۆ ئەوەی زانیاریەکان بە ڕاستی و دروستی بگەیەنێتە قوتابی.

بوونی ئارەزووی فێرکردن

لە خاڵە هەرە گرنگەکانی سەرکەوتنی مامۆستا لە پیشەکەی بوونی حەز و ئارەزووە لە کارەکەی، چونکە ئەگەر مامۆستا پاڵنەری تەواوی نەبێت بۆ ئەو کارەی کە دەیکات ئەوا ناتوانێت کارەکانی بە سەرکەوتویی ئەنجام بدات، و بۆ ئەوەی مامۆستا هەست بە گرنگی و بەهای کارەکەی بکات پێویستە بیر لەم خاڵانە بکاتەوە

  1. بیر لە گەورەیی ئەو پاداشتە بکەوە لە فێرکردنی قوتابیەکانت، کاتێک بە دڵسۆزی وانەکەت دەڵێیتەوە.
  2. بیر لە داهاتووی قوتابیەکانت بکەوە، وە ئەگەری گەیشتنیان بە پلەی بەرز لە کۆمەڵگا واتە تۆ سەرکردەی وڵات پێدەگەیەنی.
  3. پێویستە درک بەوە بکەیت کەوا ئەو قوتابیانە ئەمانەتن لەلایەن خێزانەکانیانەوە لات دانراون.
  4. بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ کارەکەت بکە بۆ ئەوەی بتوانی بەرەنگاری ئەو کێشانە ببیتەوە کە لە کاتی کارکردنت دووچارت دەبێتەوە.
  5. ئەوە بزانە هەموو کەسایەتیە ناودارەکان لەژێر دەستی مامۆستا پێگەیشتوون.


سەرچاوەکان



12091 بینین